لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژە بەردەوامەکانی دامەزراوەکانی وایز بۆ گرنگیدان بە لایەنی پەروەردە و گەشەپێدانی فکریی منداڵ، یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین هەنگاوەکانمان، پڕۆژەی 📚 "بە کلتوورکردنی خوێندنەوە" 📚یە. ئەم پڕۆژەیە بە درێژایی ساڵی خوێندن بەردەوامی هەبووە و ئامانجی سەرەکیی، گەڕاندنەوەی کتێبە بۆ ناو کلتووری خێزان و زیندووکردنەوەی ڕۆڵی خوێندنەوەیە لە گەشەی هۆشیاریی منداڵدا. لەوانەیە لەلای هەندێک لە ئێمە جێگەی پرسیار بێت و بڵێین: "منداڵێکی ٤ بۆ ٥ ساڵ چی لە کتێب و خوێندنەوە تێدەگات؟ ئایا ئەم تەمەنە زوو نییە؟!!" زۆر کەس وا بیردەکەنەوە کە خوێندنەوە تەنها بریتییە لە ناسینی پیتەکان و لێکدانی وشەکان، بەڵام لە دیدگای پەروەردەیی ئێمە لە "دامەزراوەکانی وایز"، خوێندنەوە بۆ تەمەنی باخچە چەمکێکی جیاواز و یەکجار قووڵە.
💡 بۆچی خوێندنەوە لەم تەمەنەدا هێندە گرنگە؟ ئێمە کاتێک منداڵێک لە تەمەنی باخچەوە ئاشنای کتێب دەکەین، لە ڕاستیدا کار لەسەر بنیادنانی سەرلەنوێی کەسایەتییەکەی دەکەین لەم لایەنانەوە: 🔹فراوانبوونی خەیاڵ و هۆش: کاتێک منداڵ گوێ لە چیرۆک دەگرێت و سەیری وێنەکان دەکات، توانای داهێنان و بیرکردنەوەی بەرز دەبێتەوە. 🔹دەوڵەمەندبوونی زمان: فێری وشە و دەستەواژەی نوێ دەبێت کە یارمەتی دەدات لە داهاتوودا بە ڕەوانی گوزارشت لە ناخی خۆی بکات. 🔹بەهێزکردنی پەیوەندیی خێزان: کاتێک دایک یان باوک کتێبێک بۆ منداڵەکەیان دەخوێننەوە، پەیوەندییەکی سۆزداریی قووڵ و پڕ لە ئارامی لە نێوانیاندا دروست دەبێت. 🔹هەستکردن بەئارامی : کتێب باشترین کەرەستەیە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و ڕاهێنانی منداڵ لەسەر ئارامی و سەرنجدان.
بۆ گۆڕینی ئەم گرنگییە تیۆرییە بۆ کاری مەیدانی، ئێمە لە باخچەکانی وایزدا سێ هەنگاوی کرداری و سەرەکیمان نا کەتێیدا کلتووری خوێندنەوەمان کردە ڕەفتارێکی ڕۆژانە:
١. وانەی چیرۆک :-📖 لەوانەی چیرۆکدا ، چیرۆکەکان تەنها لە دوتوێی دەقێکی بێدەنگدا نەدەمانەوە، بەڵکو بە شێوازی داهێنەرانە و زیندوو بەرجەستە دەکران. مامۆستایان لە ڕێگەی نواندنی کارەکتەرەکان، بەکارهێنانی بووکەڵەی دەستی و شانۆی سێبەر (Puppet & Shadow Show)، چیرۆکەکانیان دەگێڕایەوە. ئەمەش وایکرد منداڵان بە تەواوی هەستەکانیانەوە بچنە ناو جیهانی چیرۆکەکەوە و بەها ئەخلاقی و پەروەردەیییەکان لە ناخیاندا بچەسپێت.
٢.کتێبخانەی ناو باخچەکەمان تەنها شوێنێکی بێدەنگ نەبوو، بەڵکو ناوەندێکی پڕ لە جووڵە بوو. منداڵەکان هەفتانە سەردانی کتێبخانەی باخچەکەیان دەکرد بەمەبەستی هەڵبژاردنی کتێبی وێنەداری دڵخوازی خۆیان و بردنەوەی بۆ ماڵەوە. ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی زێڕینی ڕەخساند تا منداڵان لە ماڵەوە لەگەڵ دایک و باوکیاندا پێکەوە کلتووری خوێندنەوە لە ناو خێزاندا زیندوو بکەنەوە.
٣.لە پێناو فراوانکردنی ئاسۆی دیدی منداڵەکانمان، گەشتێکی مەیدانی و تایبەتمان ڕێکخست بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانی. لەم بەسەرکردنەوەیەدا، منداڵە ئازیزەکانمان لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی کتێبخانە و یاساکانی پاراستنی کتێب بوون. فێربوون چۆن بە هێمنی داوای کتێب بکەن و گوێبیستی سەرنجەکان بوون لەسەر ئەوەی کە چۆن کتێب دەبێتە باشترین هاوڕێی مرۆڤ.
📒ئەو نەوەیەی ئەمڕۆ لە وایز فێری دۆستایەتیی کتێب دەبێت، بێگومان داهاتوویەکی ڕووناکتر و هۆشیارتر بۆ کۆمەڵگەکەمان بنیاد دەنێت. پڕۆژەی 'بە کلتوورکردنی خوێندنەوە' تەنها چالاکییەکی کاتیی ئەمساڵ نییە، بەڵکو بەشێکە لە گەورەترین ستراتیژییەتی پەروەردەیی ئێمە لە دامەزراوەکانی وایزدا.




