پەروەردە و فێرکردن وەک زەریایەکی بێ کۆتا قوڵن. هەر ڕۆچونێک بەرەو قوڵایی ئەزموونێکی تازە بەرەو جیهانی سەرەوە هەڵدەکشێنێ. مامۆستا پێویستە ئەو مەلەوانە بێت کە هەرگیز لە قوڵایی نەترسێت لە پێناو دەستکەوتنی ئەزموونێکی نوێ و پێشکەشکردنی بە قوتابی و خوێندکارەکانی. دواجار ئەو جیهانەی سەروو قوڵایی زەریاکە دەبێتە شوێنی دۆزینەوە و داهێنانکاری قوتابیان و خوێندکاران.
پڕۆسەی فێرکردن ڕیگایەکە بۆ گەیاندنی زانیاری درووست بە بەرامبەرەکەت. لەم پڕۆسەیەدا دوو کەسی سەرەکی بوونیان هەیە کە ئەوانیش بەخشەر و وەرگرە؛ لە دواجاردا ئامانجی ئێمە گفتوگۆی نێوان مامۆستا، بەخشەر، و قوتابی/خوێندکارە کە وەرگرە. شێوازی بەخشینی زانیاری درووست جیاوازە، بەڵام گرنگە وەک مامۆستا بتوانیت کاریگەرتن ڕێگا بدۆزیتەوە تاکو سەرکەوتووبیت لە چاندنی ئامانجی وانەکەت لە ناخی قوتابی و خوێندکارەکانتدا. یەکێک لە کاریگەرترین ڕیگا سەرکەوتووەکانی گەیاندنی زانیاری درووست بریتییە لە بە چالاکی کردنی ئەو وانەیەی مامۆستا بە قوتابی و خوێندکارەکانی دەبەخشێت. پڕۆسەی بە کرداریکردنی وانە دواجار وەک ناوێکی زانستی خۆی بەیاندەکات، ئەویش "وانەی ڕەسەن"ە. گرنگە مامۆستا بگاتە ئەو ڕاستییەی کە وانەیەک دەبێتە وانە کە ڕەسەن بێت، بە کرداری بکرێت. بە نموونە، مامۆستایەکی وانەی ئینگلیزی لە کاتی وتنەوە و باسکردنی بابەتێکی ڕێزمانی وەک، Present simple، ڕانەبردووی سادە، دەتوانێت چەندین هونەر بەکار بهێنێت: دەستپێکردنی وانەکەی بە چیرۆکێک کە زۆرترین زەمەنی ڕانەبردووی سادەی تێدا بەکار هاتبێت؛ یاخود پێدانی نووسراوێکی ئەدەبی، چەند بەشێک لە چیرۆکێک، بە قوتابییەکان و داوایان لێبکات بە دیاریکردنی کردارە رانەبردووە سادەکان. لە کۆتایدا، گرنگە مامۆستا ئەو کەسەبێت کە هەمیشە بە دوای دۆزینەوە و ئەزموونکردنی ڕێگای جیاواز و نوێ بێت لە پێناو بە ڕەسەنکردنی وانەکەی و چاندنی تۆوی مەعریفە. قوتابی و خوێندکار ئەوکاتە هەست بە وەرگرتنی زانیارییەکی نوێ دەکەن کە بە کرداری لە ژیانی خۆیاندا ئەزموونی دەکەن، جا ئەگەر ئەو ئەزموونە تەنها چەند خولەکێکی کەمی وانەیەک بێت.
م. چێنەر جزا حسن ٤/١٠/٢٠٢٦





