(Story Lesson) وانەی چیرۆک لە قوتابخانەکانی وایز تەنها وانەیەک نییە، بەڵکو سەرچاوەی چێژبەخشینە بە قوتابیان و مامۆستایان لە ژینگەیەکی فێرکاری تەواو گونجاودا. دڵنیام لەکاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتەدا دەپرسیت "ئایا وانەی چیرۆک چی تایبەتمەندییەکی هەیە کە بەم شێوەیە ببێتە باسێک بۆ نوسین؟"
لەم وانەیەدا مامۆستایان و قوتابیان لە کەشێکی تەواو جیاوازدا وانە دەخوێنن، مامۆستایان قوتابیان دەکەن بە چەند گروپێک تاکو ڕۆڵی هەمان کاراکتەرەکانی ناو چیرۆکەکە ببینن. لە هەندێک لە چالاکیەکانیشدا قوتابیان ڕاستەوخۆ جلوبەرگی کاراکتەری دڵخوازی خۆیان دەپۆشن و هەمان دیالۆگی ناو کتێبەکە دەڵینەوە و نواندنەکان بەرجەستە دەکەن. لە زۆرێک لە چالاکییەکانی دیکەشدا ئەم چیرۆکانە- کە بەشێکن لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی وایز- دەکرێن بە شانۆگەری و لە ڕۆژی جیهانی زمانی ئینگلیزی-دا نمایش دەکرێن بۆ خەڵکانی ناوخۆ و میوانان و لیژنەکان لە دەرەوەی قوتابخانە. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە، لێهاتویی مامۆستایانی وانەی ئینگلیزییە لە بەکارهێنانی (تۆنی دەنگ بە دروستی). مامۆستایان تەنها سەرنج ناخەنە سەر خوێندنەوەی چیرۆکەکە بۆ قوتابیان، بەڵکو تۆنی دەنگیان بە هەمان شێوەی تۆنی دەنگی کاراکتەری ناو چیرۆکەکە دەگۆڕن و دەیگونجێنن،تاکو قوتابیان هەست بکەن کە ئەمە کاراکتەرەکەیە قسە دەکات. سەرجەم جوڵە جەستەییەکان لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە دووبارە دەکرێنەوە هەرچەندە ئەم جوڵە فیزیکیانە تەنها بەشێوەی ( دێڕ ) لە کتێبەکەدا نوسراون. بۆ نموونە لە کتێبی چیرۆکی پۆلی سێیەم (Snow White and the Seven Dwarfs)-دا لە دێڕێکدا نوسراوە: "Snow White is tired and she goes to bed, then she falls a sleep" لێرەدا قوتابییەک خۆی دەبێتە" دەنکە هەنارە کە ماندووە و لە سەرەتای ڕۆژەوە خەریکی کارکردنە و پاشان دەچێت دەخەوێت." قوتابیانی دیکەش ڕۆڵی " حەوت کورتە باڵاکە دەبینن" لایەنێکی دیکەی سەرکەوتویی وانەی چیرۆک و چێژبەخشییەکەی لەوەدایە کە هەندێک کات پۆلەکان دەڕازێندرێنەوە و هەمان دیکۆری ناو چیرۆکەکە دەبەخشن بە پۆلەکان تاکو لە کاتی وانە خوێندن قوتابیان لە هەمان ئەو ژینگەیەدا بن کە لە کتێبەکەدا وێنا کراوە. سەرجەم ئەم لایەنانەش وادەکەن کە وانەی چیرۆک لە قوتابخانەکانی وایز وانەیەکی ئێجگار پڕ چالاکی و نواندن بێت. مامۆستایانمان بەتوانان لە دەربڕین و نواندن و وانە وتنەوە، هەر بۆیە قوتابیانمان چێژ لە وانەکان دەبینن.





